Wednesday, July 25, 2007

فرمێسکی خوشکێک لەچاوەروانی مەرگی براکەیدا





لەیلی حەسەنپوور: هاوڕێیان و مرۆڤدۆستان، ئەی ئەو کەسانەی ویژدانی ئینسان و ئینسانییەت لە ناختاندایە...



من لە کاتێکدا ئەو نووسراوە دەنووسم کە فرمێسک لەچاوەکانمدا قەتیس ماوە و کوڵی گریانم هەستاوە. بەراستی ناتوانم و نازانم چۆن قەڵەمەکەم بخشێنم بەسەر کاغەزەکەدا بۆ ئەوەی وشەکان رێکوپێک بنوسم. چاوەکانم وردەوردە خەریکە فرمێسکی لێ ئەبڕێ، ئەوە 6 مانگە چاوەرێم... چاوەڕێی خۆشەویستترین ونازدارترین کەسم کە لە دەرگاوە بێت و هەر وەک جاران بانگم بکات و پێم بڵێ سەلام لەیلی گیان. ئەمە خۆشترین وشەی عەدنانی برام بوو کە هەمیشە پێی دەگوتم. ئەم 6 مانگە دایم بە خۆمم دەگوت: هیچ نییە، دەروونم پێی دەگوتم: لەیلی مەترسە و چاوەڕێ بە، بە زووترین کات باوانت دێتەوە.

باوان، ئاخ... باوان گیان باوان بەراستی باوانم بوو. بە راستی دڵسۆزم بوو. نازانم کام بێ ویژدان، کام نائینسان، کام نامەرد ئەو حوکمەی بە سەر باوانم دا سەپاند.ئاخر ئەی ئەو کەسانەی کە دەزانن ئینسانییەت و مرۆڤایەتی چییە، ئایا تاوانی برای من سزای لە سێدارەدانی هەیە؟ تاوانی عەدنان تەنیا دڵسۆزی بۆ هاوڕێیانی و هەروەها بۆ مرۆڤایەتی و بۆ کتێب و نوسراوە کانی بوو.تاوانی عەدنان قەڵەمەکەی بوو. تاوانی خۆشەویستی میللەتەکەی بوو. تاوانی ئەو خۆشەویستی شارەکەی و زرێباری بێ باوان بوو. تاوانی ئەو نووسینەکانی بوو. ئایا سزای ئەمانە لە سێدارەدانە؟

مرۆڤدۆستەکان، تاکەی دەبێ چاوی دایکەکان پڕبێ لە گریان و خوشکەکان بۆ براو ئازیزانیان بناڵێنن؟ تا کەی ئەبێ بێ دەنگ بین؟ بۆ ئەبێ لەم مەسەلە گرینگانە نەکۆڵینەوە؟ یەعنی ئەو تاوانانە ئەوەندە گەورەن کە مرۆڤێک بە هۆی نووسینەکانی و لە بەر خۆشەویستیی نیشتمان و لە بەر دڵسۆزیی بۆ ویست و حەزەکانی کە تەنها و تەنها نوسین و خویندنەوە بو ئەبێ لە سێدارە بدرێ؟

ئاخر من چی بە دایکم بڵێم؟ چی بە خوشکەکانم بڵێم؟ بڵێم عەدنان لەبەرچی لە سێدارە دەدرێ؟ عەدنانێک کە ئازاری بە میروولەیەکیش نەدەگەیشت. عەدنانێ کە جگە لە میهرەبانی و دڵسۆزی هێچیتری پێ نەبوو. تکایە... تکایە بمبوورن ئەگەر وشەکان جوان ورازاوە نین.

ئەگەر عەدنان برا یا هاوڕێتان بوایە و تەنانەت ئەگەر یەک جار عەدنانتان بدیبایە حەقتان بە من ئەدا... ئاخرئێوە نازانن عەدنان چ مرۆڤێکی هەست ناسک و چ مرۆڤێکی خۆشەویست و مرۆڤدۆست و دڵسۆز بوو. نانا من قەت باوەڕ ناکەم کە ئەوەندە زوو عەدنانم لێ بسێننەوە.

تازە سەرەتای گەورەبوونمانە. تازە خۆمان دۆزیوەتەوە. قەت بڕوا ناکەم باوان گیان من و تۆ ئەوەندە زوو لە یەک دابڕِێین. من دڵنیام لەو جیهانە پان و بەرینەدا بە ملۆێنان مرۆڤی راست بێژ و مرۆڤ دۆست دەستدەکەوێت کە ئاگایان لەهەمو ئەو بێتاوانانەیە کە لە زیندانەکان و لە ئەشکەنجە خانەکاندا لە چاوەروانی مەرگدان، هەربۆیە بەردەوام بەدەم فرمێسک رشتن و بەدەم نزا کردنەوە دڵخۆش دەبم بە بوونی ئەو هەموو مرۆڤدوستە کە هاوخەممانن و پشتیوانمانن و هەوڵ دەدەن نەک حوکمی بە ناهەقی عەدنان و هیوا بەڵکو هەمو حوکمە نارەواکان کە داسەپاون بەسەر هەمو ئەو بێتاوانانەدا پوچەڵ بکەنەوە.

دڵ خۆشم بەوەی کە تاوانی عەدنان و ئەوانەی لە چەشنی عەدنان لە چاوەڕوانی مەرگدان تاوانێکە کە هەمو جیهان بڕوایان پێیەتی، ئەویش ئازادی بیرکردنەوە و ئازادی قەڵەم و خۆشەویستی حەقیقەتەکانە، ئەو حەققیەتانەی کە ئەمیستا ئێمەی کردۆتە گریان و مەودایەکی کەمی هێشتۆتەوە لە نێوان ئێمەو دابڕانی هەتاهەتایدا.

ئازادیخوازانی جیهان!

لایەنگرانی مافی مرۆڤ !

ئاگاتان لە فرمیسکی ئەو خوشکە بێدیفاعانە بێ و ئاگاتان لە دڵی نەخۆشی ئەو دایکە پەک کەوتانە بێ کە حوکمێکی ناڕەوا ناچاری کردون کە لە چاوەروانی مەرگی کورەکانیاندابن و بێ پشتیوان و تەنها، هانایان بۆ ئێوە هێناوە.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ سایتی خۆرهه‌ڵات نیوزه‌ وه‌ وه ر گیراوه‌.

No comments: