Wednesday, July 11, 2007

راگەیاندنى کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەڵە سەبارەت بە پتەوتر کردنى یەکڕیزى و یەکگرتوویى


کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەڵە بە خۆشییەوە رادەگەیەنێ کە بەدواى ماوەیەک گفتوگۆى چڕوپڕ و هاوڕێیانە لەنێو سەرکردایەتیى کۆمەڵەدا، هەندێک کێشەى ناوخۆیى کە لە ماوەى مانگەکانى رابوردوودا لەسەر ئینتێرنێت و گۆڤارەکانیش دەنگیان دابووەوە، چارەسەر کراون و تەبایى و یەکریزى بەتەواوى گەڕاوەتەوە نێو ریزەکانى کۆمەڵەوە.

لەپێناو گەیشتن بەم ئاکامەدا هەمووان لەم ماوەیەدا بە گیانى هەست بە مەسئوولییەت کردن بەدڵ و بەگیان هەوڵیان دا و بە رەچاو کردنى بەرژەوەندى باڵاى کۆمەڵە و بزووتنەوەى رزگاریخوازانەى گەلى کورد بۆ پتەوتر کردنى ئەو یەکڕیزییە تێکۆشان. هەمووان لەسەر ئەم راستییە کۆک بوون کە پێکهێنانى یەکڕیزى و یەکگرتوویى و پتەوى هەرچى زیاتر لەنێو ریزەکانى کۆمەڵەدا، مەرجى پاراستنى دەسکەوتەکان و پەرە پێدان بە رەوتى گەشە کردنى کۆمەڵە و دەستەبەر کردنى سەرکەوتنەکانى داهاتووشە.

لە ماوەى ئەم چەند مانگەدا جارێکى دیکەش پەیوەندى قووڵى جەماوەرى تێکۆشەرى کوردستان لەگەڵ کۆمەڵە خۆى نیشان داوە کە چلۆن کۆمەڵانى تێکۆشەرى خەڵکى کوردستان دڵیان لەگەڵ هەڵسوکەوتى کۆمەڵە لێدەدا و هەموو خۆشى و ناخۆشییەکى بە هى خۆیان دەزانن و بەگشتى چلۆن چارەنووس و سەرکەوتنى خۆیان بە چارەنووس و سەرکەوتنى کۆمەڵەى خۆیانەوە گرێ داوە. ئەم راستییەش ئەهمیەتى پاراستن و پتەو کردنى کۆمەڵە وەکوو حیزبى پێشەنگى خەباتى جەماوەرى لە کوردستان روونتر لە هەمیشە بۆ هەمووان دەرخستەوە و بە هەموومانى نیشان دا کە کۆمەڵە بەرهەمى نزیکەى چل ساڵ خەبات و قوربانى دان و دەسکەوتى گرانبەهاى کرێکاران و زەحمەتکێشان و کۆمەڵانى تێکۆشەرى خەڵکى کوردستانە و هەربۆیەش پاراستنى بەهاکان و پتەو کردنى ریزەکانى ئەولەوییەتى سەرەکیى هەموومانە.

با دۆستانى ئازادى و پێشکەوتنخوازى لە کوردستان و ئێران بزانن کە کۆمەڵەى شۆڕشگێر لەو ئەزموونە پتەوتر و لەشکان نەهاتووتر هاتۆتە دەر و بە سەرودڵى خۆشتر و هیواى زۆرترەوە ئامادەى بەڕێوە بردنى ئەرکە مێژووییەکانیەتى.

کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەڵە هەروەها لێرەدا بەپێویستى دەزانێ کە سوپاس و پێزانینى گەرمى خۆى پێشکەش بە هەموو دۆستان و دڵسۆزانى کۆمەڵە و بزووتنەوەى کوردستان بکا کە لەم ماوەیەدا لە نزیکەوە بەپەرۆشى ئێمەوە بوون و لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێکى مەسئوولانە بۆ خۆش کردنى زەمینە لەپێناو چارەسەرى ئەو گرفتانەدا درێغیان نەکرد.

کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەڵە وێڕاى تەئکید لەسەر پێویستیى پاراستنى ئەم دسکەوتە، لە هەموو ریزەکانى کۆمەڵە لە بووارە جۆربەجۆرەکانى خەباتدا داوا دەکا کە بەگوێرەى رۆحى ئەم راگەیاندنە هەڵس و کەوت بکەن و چەسپاندنى گیانى هاوڕێیەتى و یەکڕیزى بکەن بە ئەرکى خۆیان.


کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران
20ى پووشپەڕى 1386، رێکەوتى 11ى ژووئەنى 2007

No comments: