Monday, August 20, 2007

راگه‌یاندنی کۆتایی کۆنگره‌ی دوازده‌ی کۆمه‌ڵه‌








بۆ ئاگاداریى هەمووان بەم جۆرە رادەگەیەنین کە ئێوارەى رۆژى 26ى گەلاوێژى 1384ى هەتاوى بەرامبەر بە 17ى ئووتى ساڵى 2007ى زایینى، دوازدەهەمین کۆنگرەى کۆمەڵە پاش پێنج رۆژ و نیو کارى پڕبەپڕ سەرکەوتووانە کۆتایى پێهات. ئەم کۆنگرەیە کە بەیانى رۆژى 20ى گەلاوێژ دەستى پێکرد، پاش پێشکەش کردنى راپۆرتى هەڵبژاردنى نوێنەران و پەسند کردنى دەستوورى کارى خۆى گوێى بۆ راپۆرتى کۆمیتەى ناوەندى راگرت کە لەلایەن هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدى سکرتێرى گشتیى کۆمەڵە پێشکەش کرا.

گوزارشى کۆمیتەى ناوەندى، کە هەڵسەنگاندنى بارودۆخى سیاسیى ئێستاى کوردستان و ئێران و ناوچەکە و ئەرکەکانى ئێمەى لە دەورەى داهاتوو لەخۆ گرتبوو، کەوتە بەر تاووتوآ و لێکۆڵینەوەى ئەندامانى بەشداربووى کۆنگرەى دوازدە. یەکێک لە تەوەرەکانى ئەو گوزارشە کەوتنە رێى شەپۆلى گەورەى سەرکوت لە ئێران لەم دەورەیەدا و راوەستاویى جەماوەرى خەڵک لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە گەورەیە بوو. کۆنگرە پشتیوانیى قایمى خۆى لە بزووتنەوە جەماوەرییەکان وەکوو بزووتنەوەى کرێکاران، خوێندکاران، لاوان، ژنان، نەتەوەکان، نووسەران و رووناکبیران لە کوردستان و لە ئێران دەربڕى و هەر لەم پەیوەندەدا جارێکى دیکەش پێویستیى خەبات بۆ پێکهێنانى بەرەیەکى کوردستانى، تێکۆشان بۆ هاوخەبات کردنى گەلانى ئێران لە دژى کۆمارى ئیسلامى و هەر وەها خەبات بۆ پێکهێنانى بەرەیەکى فراوانى دێمۆکراسیخوازى لەگەڵ هەموو ئازادیخوازانى ئێران تەئکید کردەوە.

کۆنگرەى دوازدە لە رێگەى باس لەسەر ئەم گوزارشەوە سیاسەتى گەلى کوردى لە کوردستانى رۆژهەڵات و لە ئاستى ناوچەیى و جیهانیدا دایە بەر لێکۆڵینەوە و لەوانە مەرجەکان و پرەنسیپەکانى پەیوەندى لەگەلڕ دنیاى رۆژاوا و وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا روون کردەوە. لەم بەشەدا هەروەها لەسەر پشتیوانیى گەرم و گوڕ لە خەباتى پارچەکانى دیکەى کوردستان تەئکید کرایەوە.

گوزارشى کۆمیتەى ناوەندى هەروەها سەبارەت بە بووارەکانى هەڵسووڕانى سیاسى و رێکخراوەیى و پێشمەرگانەى کۆمەڵە و چۆنیەتى چاکسازى و گەشەپیدانى چالاکییەکان لە هەرکام لەو بووارانەدا کۆمەڵێک پێشنیار و رێنوێنى خستە روو.

سەرەنجام کۆنگرەى دوازدە دواى تاو وتوێ کردنى تەوەرە جۆراوجۆرەکانى راپۆرتى کۆمیتەى ناوەندى، ئەو گوزارشەى پەسند کرد کە بڕیار وایە لە داهاتوویەکى نزیکدا بۆ ئاگاداریى هەمووان بڵاو بکرێتەوە.

کۆنگرەى دوازدەهەمى کۆمەڵە لە بەشێکى دیکەى کارى خۆیدا پێڕەوى ناوخۆى خستە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

بەدواى کۆمەڵێک باسى زۆر بەکەڵک و چڕوپڕ لەسەر پێرەوى ناوخۆ و پێشکەش کردنى پێشنیارى بەکەڵک، کۆنگرە ئەم پێڕەوەى بەکۆى دەنگ پەسند کرد و دوو سێ مادە ئەو بەڵگەیەشى بۆ تاو و توێ کردنى زیاتر بە کۆمیسیۆنێک سپارد کە لە ماوەى چوار مانگدا بۆ لێکۆڵینەوە و بڕیاردان بیخاتە بەر دەم ئەندامان.

کۆنگرەى دوازدەهەم لە درێژەى کارى خۆیدا بڕیارى لەسەر دەرکردنى چەندین بڕیارنامە و پەیام سەبارەت بە کێشە سیاسییە گرینگەکانى ئەم سەردەمەى ئێران و کوردستان کە تێیدا هەڵوێست و سیاسەتى کۆمەڵە بۆ هەمووان روون یا تەئکید بکرێتەوە ساغ بووەوە و جێبەجێ کردنى ئەو ئەرکەى بە کۆمیتەى ناوەندیى هەڵبژێردراوى خۆى سپارد.

کۆنگرەى دوازدە لە بەشى کۆتایى کارى خۆیدا چووە سەر مەسەلەى هەڵبژاردن و لەپێشدا هاوڕێ عەبدوڵڵاى موهتەدى وەکوو سکرتێرى گشیتى کۆمەڵە هەڵبژارد. بەدواى ئەوەدا 21 کەسى وەکوو ئەندام و 5 کەسى وەکوو جێگرى کۆمیتەى ناوەندى هەڵبژارد. ئەندامانى ئەسڵى کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەڵە، هەڵبژێردراوى کۆنگرەى 12، بریتین لە: عەبدوڵڵا ئازەربار، جەعفەر ئێلخانیزادە، فارووق بابامیرى، حەمید بەهرامى، ناهید بەهمەنى، ماجد پاشایى، بەدرى تەوحیدى، خالد سیادەت، محمد شافعى، ساڵح شەریفى، زاگرۆس خوسرەوى، تاهیر عەبدپەنا، عەبدوڵڵا عەزیمى، بەهمەن عەلی یار، رەسووڵ عەلیدوست، فریشتە گوڵپەروەر، نەجمە گوڵپەروەر، ئەنوەر موحەمەدى، ئەبووبەکر مودەریسى، محمد میسرى.

ئەندامانى جێگر کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەڵەش ئەوانەن: سالار ئاشناگەر، سالار پاشایى، عەلى جەواهیرى، جەلیل عەلیپور، فارووق وەکیلى کۆنگرە هەروەها بۆ پاراستنى یەکڕیزى و نیشان دانى نیازپاکیى خۆى، لە بڕیارێکدا ئیختیارى بە کۆمیتەى ناوەندیى هەڵبژێردراوى خۆی دا کە 5 کەس لەو هاوڕێیانەش کە بەهۆى پەیوەندى لەگەڵ کەمینەى پێشووى کۆمیتەى ناوەندى لە کۆنگرەدا بەشدارییان نەکردبوو، بەخۆى زیاد بکا.

شایانى باسە کە کۆنگرە لە فەزایەکى پڕ لە تەبایى و پڕ لە گەشبینى بەرامبەر بە داهاتوو، لێوان لە ئیرادە بۆ کارى خۆبەخشانە و پڕاوپڕ و بێ ماندوویى لەپێناو سەرکەوتنى کۆمەڵە و سەرکەوتنى بزووتنەوى رزگاریخوازانەى گەلى کورد و بزووتنەوە بۆ رووخانى کۆمارى ئیسلامى و بۆ ئازادى و داپەروەریدا بەڕێوە چوو.

کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران

28ى گەلاوێژى 1386ى هەتاوى، 19ى ئووتى 2007

No comments: