ڕاگه‌یاندنی رێكخراوی ژنانی كۆمه‌ڵه به بۆنه‌ی 8ی مارس رۆژی جیهانی ژن
رژیمی كۆماری ئیسلامی 28 ساڵ ده‌سه‌ڵاتی خۆی به سه‌ركوت و پێشێل كردنی ماف و كه‌رامه‌تی مرۆڤی ژن له ئێران تێپه‌ڕ كرد. كۆماری ئیسلامی له چوارچێوه و مكانیزم و یاسای جوراوجۆردا، له یاسای بنه‌ماڵه‌وه بگره تا ده‌گاته بێبه‌ش كردنی ژنان له كار و خوێندن له به‌شێك له بواره‌كاندا، له داسه‌پاندنی یاسای ره‌شی "حیجابی زۆره‌ملی" بگره تا ده‌گاته بێبه‌شی و هه‌ڵاواردنی به‌رین و به‌ربڵاوی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاپارتایدی جنسی و ره‌گه‌زی، بناغه و بنه‌مای سونه‌ت و كولتوری پیاومه‌زنی و دژایه‌تی ژنانی له هه‌ر ده‌ور و زه‌مانێك زیاتر چڕتر و تۆكمه‌تر كردوه.
به‌ڵام ژنانی ئێران به گه‌شتی و ژنانی كۆرد به‌تایبه‌تی یه‌کێك له دژوارترین و له هه‌مان كاتدا پڕئه‌زموونترین سه‌رده‌می خه‌باتی خۆیان تێپه‌ڕ كرد. ئاخێزیان كرد و راسان، گیران و ئازار و ئه‌شكه‌نجه دران، گیانیان به‌خت كرد و به‌مجۆره مۆری خه‌بات و كۆڵنه‌دانی خۆیان له ره‌وتی رووداوه‌كانی ئه‌و سێ ده‌یه له مێژووی ئێران دا و به پێكهێنانی ئاڵ‌وگۆڕی نه‌ك زۆر گه‌وره، كاریگه‌ریی خۆیان له سه‌ر فه‌زای سیاسی و بردنه‌سه‌ری ئاستی وشیاری و فه‌رهه‌نگی گشتی داناوه. بارودۆخی روو له گه‌شه‌ی ژنان یه‌كێك له‌و خاڵه به‌هێزانه‌یه كه پێچه‌وانه بوونی رژیمی سه‌ره‌رۆی ئیسلامی له حاست سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنه‌كانی دونیای پێشكه‌وتووی سه‌ده‌ی 21 به روونی نیشان ده‌دا. ژنان له زۆربه‌ی بواره‌كاندا زۆر به خێرایی گره‌وی كێبه‌ركێیان له وه‌رگرتنی پله‌ی باڵای خوێندن له هاوكاره پێاوه‌كانیان بردۆته‌وه، تا ئه‌و جێیه‌ی كه رژیم ناچار بووه به په‌سند كردنی یاسای تایبه‌ت پێش به ره‌وتی روو له گه‌شه و پێشكه‌وتنی ژنان بگرێ. سه‌ره‌رای ئه‌و گشته به‌ربه‌ست و كۆسپانه، هه‌ڵسووڕان و به‌شداری ژنانی نووسه‌ر، سیاسه‌توان، ئه‌دیب، شاعیر و هه‌ڵسووڕاوی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ر به‌ربڵاوتر ده‌بێ و روو له هه‌ڵدانه.
له كوردستان سه‌ره‌ڕای بێبه‌شی فه‌رهه‌نگی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری كه سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی، ژنان به گه‌شه و پێشكه‌وتنی به‌رچاو گه‌یشتوون. ئه‌وان تۆیشه‌یه‌كی پڕ له خه‌بات، حه‌ماسه و ئه‌زموونیان بۆ مناڵان و نه‌وه‌كانی داهاتوو به دیاری هێنا. هه‌زاران ژنی زه‌حمه‌تكێشی كورد له ماوه‌ی 28 ساڵ خه‌بات و به‌ره‌نگاری جه‌ماوه‌ری دژی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی حه‌ماسه‌یان خوڵقاند، سه‌دان ژنی خه‌باتگێڕ و شۆڕشگێڕ له مه‌یدانه‌كانی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی رژیمی دیكتاتۆری ده‌سه‌ڵاتدار له پێناو ئازادی‌دا گیانیان به‌خت كرد. ئه‌مڕۆش گه‌لێك له هه‌ڵسووڕاوانی ئه‌ده‌بی، هونه‌ری، سیاسی و خه‌باتگێرانی فیمینیست له كوردستان بوار به بیروبۆچوون و باوه‌ڕه كۆنه‌كان ناده‌ن و له هه‌موو كات زیاتر ته‌نگیان پێ هه‌ڵچنیون. ژنانی كورد هاوڕێ له‌گه‌ڵ هاوبیرانی خۆیان له ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێران به ئیمزا كردنی تۆماری ملیۆنێك ئیمزا، جارێكی‌تر به‌ره‌ورووی یاساكانی كۆماری ئیسلامی له ئێران و ئاپارتایدی جنسی و ره‌گه‌زپه‌رستی بوونه‌وه و له‌و پێناوه‌شدا پشتیوانییه‌كی به‌رینیان ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێران بۆ خه‌باتی خۆیان كۆكرده‌وه و سه‌رنجه‌كانیان به‌ره‌و خۆیان راكێشا.
بزووتنه‌وه‌ی ژنان له كوردستان و ناوچه‌كانیتری ئێران بۆ پساندنی كۆت و به‌ندی كۆیله‌تی پیاومه‌زنی و ئایینی به درێژایی نزیكه‌ی سێ ده‌یه، ئه‌ویش له ژێر زه‌خت و ده‌سه‌ڵاتی هارترین رژیمدا، لێوه‌شاوه‌یی زۆری له خۆی نیشان داوه و هێشتاش له گشت بزووتنه‌وه‌كانیتر بۆ پێكهێنانی ئاڵ‌وگۆڕ ئاماده‌تره. به‌ڵام به هۆی پرژوبڵاوی و نه‌بوونی هاوئاهه‌نگی له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا، هێشتاش هه‌موو تواناییه‌كانی خۆی نیشان نه‌داوه. ئێستا كه رژیمی ئێران كه‌وتۆته ژێر زه‌ختی خه‌باتی روو له گه‌شه‌ی ناوخۆ و هه‌روه‌ها زه‌خت و گوشاری نێونه‌ته‌ویی، یه‌كگرتووی و یه‌كێتی ئه‌م خه‌بات و تێكۆشانه له هه‌ر كاتێكی‌تر زیاتر پێویسته. ده‌بێ هه‌وڵی زۆر و به‌په‌له بده‌ین تاكوو رووباری ئه‌م بزووتنه‌وه و ناره‌زایه‌تییه به‌ربڵاوانه‌مان بڕژێنینه ده‌ریای خه‌باتێكی هاوبه‌ش. به دانی پلان و به‌رنامه‌ی باش و گونجاو بۆ بزووتنه‌وه‌ی ژنان هه‌ر له ئێستاوه هه‌وڵ بده‌ین و هه‌نگاو بنێین و به ئاماده‌كاریی سیاسی و پلانێكی گونجاو رێگا خۆشتر بكه‌ین بۆ به‌شداری پتر له چاره‌نووسی خۆمان و پێكهێنانی هه‌ل‌ومه‌رجێكی چاكتر بۆ نه‌خش و رۆڵی ژنان له داهاتوودا و له ئه‌گه‌ری هه‌ر ئاڵ‌وگۆڕێكدا.
رێكخراوی ژنانی كۆمه‌ڵه سیاسه‌ته‌كانی حیزبی كۆمه‌ڵه بۆ پشتیوانی له داوای به‌رابه‌ری خوازی و رزگاریده‌ری ژنان كه به درێژایی 28 ساڵی رابردوو بێ‌وچان له سه‌ری سوور بوه خه‌باتی بۆ كردوه، به شێوه‌ی به‌رده‌وام و رێكخراو درێژه پێده‌دا و ده‌باته پێش. به‌مبۆنه‌وه داوا له ژنانی كوردستان ده‌كه‌ین له‌م هه‌ل‌ومه‌رجه هه‌ستیاره‌دا هاوكاری زیاتری رێكخراوی ژنانی كۆمه‌ڵه بكه‌ن.
له 8ی مارسی ئه‌مساڵدا ده‌نگی ناره‌زایه‌تی خۆمان یه‌كده‌نگ و یه‌كگرتوو دژی زوڵم له ژن به‌رزتر هه‌ڵده‌بڕین.
پێرۆز بێ 8ی مارس رۆژی جیهانی ژن
سه‌ركه‌وتووبێ بزووتنه‌وه‌ی ئازادی و رزگاری ژن
رێكخراوی ژنانی كۆمه‌ڵه
مارسی 1385- 2007
No comments:
Post a Comment