Sunday, March 04, 2007

راگه‌یاندنى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى کۆمه‌ڵه‌ به‌بۆنه‌ى 8ى مارس رۆژى جیهانیى ژن



پیرۆزبایى 8ى مارس رۆژى جیهانیى ژن له‌ هه‌موو ژنانى ئازادیخوازى ئێران، ژنانى خه‌باتکارى ناو ریزه‌کانى کۆمه‌ڵه‌ و هه‌موو ژنانى بوێر و پێشه‌نگى کوردستان ده‌که‌ین.

کۆمارى ئیسلامیى ئێران وه‌ک دژه‌ ژنترین ده‌سه‌ڵاتى سیاسیى جیهان، نزیکه‌ى سێ ‌ده‌یه‌یه‌ به‌ هه‌وڵى سه‌ره‌ڕۆیى ئایینى تێده‌کۆشێت به‌ سه‌پاندنى یاساى دواکه‌وتووانه‌ى پیاوسالارى، ژێر پێ نانى کۆنوانسیۆنه‌ جیهانیه‌کان له‌مه‌ڕ پاراستنى مافه‌کانى ژنان، هه‌روه‌ها به‌ په‌ره‌پێدانى فه‌رهه‌نگى خورافه‌ و به‌کارهێنانى ده‌مارگرژیى ئایینى، به‌ره‌وپێشچوونى کات و گۆڕانکاریه‌کانى به‌رهه‌مى ئه‌م پێشڤه‌چوونه‌، بوه‌ستێنێت. کۆمارى ئیسلامى و ده‌سه‌ڵاتى پیاوانى ئایینى تا چه‌نده‌ توانیویه‌تى له‌م کاره‌دا سه‌رکه‌وێت؟ له‌راستیدا گه‌شه‌ى به‌ره‌و پێشى کۆمه‌ڵگاى ئێران وه‌ک به‌شێک له‌ کۆمه‌ڵگاى جیهانى، به‌ هه‌موو بێ‌مافیى ئاشکرا و ده‌سه‌ڵاتى توندوتیژى پیاوسالارانه‌ى زاڵ له‌ ئێران، له‌ وه‌ستان نه‌که‌وتووه‌. ده‌سه‌ڵاتى ئایینى له‌ ئێران، ته‌نیا توانیویه‌تى له‌ خێرایى ئه‌م پێشکه‌وتنه‌ که‌م بکاته‌وه‌ و له‌م پێناوه‌دا ناچار بووه‌ بێ‌وچان ده‌ست بداته‌ سه‌رکوتى خۆڕاگریى ئاشکرا و نهێنیى ژنانى خه‌باتکار. له‌راستیدا شۆڕشى 22ى رێبه‌ندانى ساڵى 57 به‌ به‌شداریى به‌رینى ژنان له‌ دژبه ‌یه‌کیه‌کى ئاشکرا له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووى دواى راپه‌ڕین واته‌ کۆمارى ئیسلامى به‌ هه‌موو پێشکاریه‌کانى مافه‌کانى ژنانه‌وه‌، له‌ وه‌ها پانتاییه‌کى به‌ریندا ژیانى هێنایه‌ ناو سیاسه‌ت و ژیانى گشتیى کۆمه‌ڵگاى ئێرانه‌وه‌، که‌ ده‌سه‌ڵاتى دژه‌ ژنى کۆمارى ئیسلامى هیچکات نه‌یتوانى به‌ ته‌واوى بیانگه‌ڕێنێته‌وه‌ قوژبنى ماڵه‌کان.

هه‌وڵى ژنانى ئێران بۆ پووچه‌ڵ کردنه‌وه‌ى بێ‌مافى و یاساغه‌ کۆمه‌ڵایه‌تى و کولتووریه‌کانى سه‌ر رێى گه‌شه‌ى تاکه‌که‌سیان، رۆڵێکى جیاواز و تایبه‌تى له‌ خه‌باتى گشتیى خه‌ڵکى ئێران له‌ دژى کۆمارى ئیسلامى پێ به‌خشیون. هیچ چین و توێژێک له‌ ئێران به‌ راده‌ى ژنان له‌ پاراستنى نه‌ریته‌ خورافى و کۆنه‌په‌رستانه‌کان له‌ کۆمه‌ڵگادا زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بووه‌ و له‌ دژى نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌. ژناى ئێران به‌پێى لێکۆڵینه‌وه‌ى کۆمه‌ڵ‌ناسانى سه‌ر به‌ رێکخراوه‌ ناوخۆییه‌کان، ته‌نانه‌ت له‌ ره‌فتارى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئولگووه‌کانى ژیانى تایبه‌تى و خێزانیدا زیاتر له‌ پیاوان مه‌یلى وه‌لانانى سونه‌تیان تێدایه‌. هه‌وڵیان بۆ فێربوونى زانست و بردنه‌ سه‌ره‌وه‌ى پێگه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تیان، پاوانخوازانى ده‌سه‌ڵاتدارى تۆقاندووه‌ و ئێستا له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان رێى زانکۆکانیان لى به‌رته‌سک بکه‌نه‌وه‌.

له‌ ناوچه‌کانى وه‌ک کوردستان که‌ هه‌م له‌ بارى ئابووریه‌وه‌ دواکه‌وتووتره‌ و هه‌م له‌ ژێر گوشارى هه‌ژارى و سته‌مى دوولایه‌نه‌دا، ده‌رفه‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى بۆ گه‌شه‌ى ژنان که‌متر هه‌ڵده‌که‌وێت و زنجیره‌کانى نه‌ریتى دواکه‌وتوو، به‌ پشتیوانیى یاسا و ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کان، زیاتر له‌ ده‌ست و پێى ژنان ئاڵاوه‌، سیماى دواکه‌وتوو و دژه‌ ژنى کۆمارى ئیسلامى و خه‌ساره‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانى به‌رهه‌مى ده‌سه‌ڵاته‌که‌ى، ئاشکراتر ده‌بینرێت. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش، ژنانى کوردستانیش که‌ به‌ به‌شداریان له‌ بزووتنه‌وه‌ى رزگارى نه‌ته‌وه‌یى، ئه‌زموونى به‌نرخیان ده‌ست که‌وتووه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌سه‌ر ئه‌م که‌م‌و کوڕیانه‌دا سه‌رکه‌ون و رۆڵى مێژوویى خۆیان له‌ گۆڕانکاریه‌کانى داهاتوو و له‌ قۆناغى نوێى خه‌باتى کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان بۆ رزگاریى نه‌ته‌وه‌یى و گه‌یشتن به‌ ئازادیى سیاسى و دیموکراسى، به‌ باشترین شێوه‌ بگێڕن. به‌شدارى له‌ رێکخراوه‌ ناحکوومیه‌کان، پێکهێنانى گرووپى وه‌رزشى و به‌شدارى له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌ده‌بیه‌کان، به‌شێک له‌ چالاکیه‌کانى ژنانى پێشه‌نگى کوردستانن. له‌ هه‌مان حاڵیشدا ژنانى کوردستان خاوه‌نى ئه‌زموونى به‌نرخ و گرانبه‌هاى رێکخستن و خه‌بات له‌ حیزبى سیاسیى خۆیان واته‌ کۆمه‌ڵه‌ن. خه‌بات بۆ ئازادیى ژنان له‌ کوردستان له‌گه‌ڵ ناوى کۆمه‌ڵه‌ و هه‌ڵسووڕانى ئاوێته‌ بووه‌.

ریزه‌کانى کۆمه‌ڵه‌، ریزى پیاوان و ژنان و خه‌باتکارانى شێلگیرى رزگاریى ژن له‌ سته‌مى دیکتاتۆریه‌تى ئایینى و نه‌ریتى پیاوسالارانه‌یه‌. سیاسه‌تى کۆمه‌ڵه‌، لایه‌نگریى بێ‌ئه‌ملاولا له‌ یه‌کسانى ته‌واوى ژن و پیاو له‌ کۆمه‌ڵگا، سیاسه‌تى په‌ره‌پێدانى فه‌رهه‌نگى پێشکه‌وتوو له‌ به‌رامبه‌ر کولتوورى پیاوسالار و دژه‌ ژن له‌ هه‌موو بواره‌کان و له‌وانه‌ بوارى په‌روه‌رده‌یى، جیایى دین له‌ ده‌وڵه‌ت، کردنى دین و ئایین به‌ کارێکى ته‌واو تاکه‌که‌سى و تایبه‌تى و تێکه‌ڵاو نه‌کردنى له‌گه‌ڵ یاسا مه‌ده‌نیه‌کان و چوارچێوه‌ تایبه‌تیه‌کان، وه‌ک مه‌رجى سه‌ره‌کیى یه‌کسانیى ژن و پیاوه‌. ئه‌و ژنه‌ خه‌باتکارانه‌ى بۆ وه‌دیهاتنى ئه‌م ئامانجانه‌، له‌ ریزه‌کانى کۆمه‌ڵه‌دا خه‌باتیان کردووه‌ و زۆریان له‌م رێیه‌دا گیانیان به‌خت کردووه‌ و شه‌هید بوون، بناغه‌ى نه‌ریت و کولتوورێکیان دامه‌زراندووه‌ که‌ مه‌شخه‌ڵى رێنوێنى نه‌وه‌ى نوێى ژنانى خه‌باتکارى کوردستان له‌ ئێرانه‌.

ئێمه‌ له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ له‌ 8ى مارس رۆژى جیهانیى ژن، جارێکى دیکه‌ داوا له‌ ژنانى خه‌باتکار و پێشه‌نگى کوردستان ده‌که‌ن به‌ ریزه‌کانى کۆمه‌ڵه‌ په‌یوه‌ست بن و له‌ ده‌ورى سیاسه‌ته‌کانى کۆمه‌ڵه‌، خۆیان رێک بخه‌ن. کۆمه‌ڵه‌ هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ى وه‌ها رۆژێکى پیرۆزه‌وه‌ جارێکی‌تر پشتیوانیى خۆى له‌ هه‌رچه‌شنه‌ رێکخستنى سه‌ربه‌خۆى ژنان له‌ ئێران و کوردستان، بۆ خه‌بات له‌ پێناو یه‌کسانیى ژن و پیاو، راده‌گه‌یه‌نێت.

مه‌رگ و نه‌مان بۆ کۆمارى ئیسلامى

سه‌رکه‌وێ خه‌باتى ژنانى کۆڵنه‌ده‌ر و ئازادیخواز بۆ رزگارى له‌ سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌

بژى 8ى مارس رۆژى جیهانى ژن

2007-02-28

No comments: