به‌یاننامه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران!
کۆمه‌ڵانى خه‌باتگێڕى خه‌ڵکى کوردستان!
حیزب و رێکخراوه سیاسىیه کوردستانى و ئێرانىیه‌کان!
دۆستانى گه‌لى کورد و بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازانه‌ى خه‌ڵکى کوردستان!!
له یه‌کێک له ناسکترین هه‌ل ومه‌رجه‌کانى مێژووى بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازانه‌ى نه‌ته‌وه‌ى کورد و بزووتنه‌وه‌ى دیموکراسیخوازى له رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاستدا، نیزیک به دوو ساڵ و نیوه حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران، حیزبى جێگاى متمانه و پشتیوانیى زۆربه‌ى زۆرى خه‌ڵکى کوردستان، حیزبێک که به ده‌ستى به تواناى پێشه‌وا قازى محه‌ممه‌د دامه‌زرا و به بیرى تیژى دوکتور قاسملوو نوێ کرایه‌وه، له ئاکامى پاوانخوازیى زۆرایه‌تیى کومیته‌ى ناوه‌ندىدا تووشى قه‌یرانێکى قووڵى ته‌شکیلاتى بووه که سه‌رانسه‌رى قه‌واره‌که‌ى هه‌ر له سه‌رێ ڕا تا خوارێ داگرتوه و به کرده‌وه کردوویه‌ته دووله‌ت. پاش پتر له دوو ساڵ هه‌وڵى نهێنى بۆ گێڕانه‌وه‌ى یه‌کڕیزى و یه‌کدڵى بۆ نێو حیزبى دێموکرات، رۆژى 7ى گه‌لاوێژى 1385 ئێمه به ناوى "ئوپوزیسیۆن" یادداشتێکى بیست ماده‌ییمان خسته به‌رچاوى زۆرایه‌تیى کومیته‌ى ناوه‌ندى که قه‌بووڵکردن و جێبه‌جێکردنى ده‌ىتوانى میکانیزمێک بۆ چارى گیروگرفته‌کان و گێڕانه‌وه‌ى یه‌کپارچه‌یى بۆ ریزه‌کانى حیزب به ده‌سته‌وه بدا. هه‌ر چه‌ند ئه‌م یادداشته وه‌ک سه‌نه‌دێکى نهێنى ئاماده کرابوو، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ى بمانه‌وێ که‌وته نێو میدیاکان و ئه‌و که‌سانه‌ى ئۆگرى چاره‌نووسى بزووتنه‌وه‌ى کورد و حیزبى دێموکراتن لێى ئاگادار بوون.
به‌داخه‌وه چه‌ند کۆبوونه‌وه‌ى وتووێژ له‌سه‌ر ئه‌و یادداشته و هه‌روه‌ها هه‌وڵ و ته‌قه‌لاى هێندێ له دڵسۆزانى کورد له نێوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران و هه‌وڵى نێوبژیکردنى هێندێ حیزبى کوردستانى له‌وانه پارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کیه‌تیى نیشتمانیى کوردستان و هه‌روه‌ها هه‌وڵى نوێنه‌رانى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانیى کوردستانى عێراق به هۆى ره‌دکردنه‌وه‌ى قۆڵى زۆرایه‌تىیه‌وه بێ ئاکام مایه‌وه و قۆڵى ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستى کومیته‌ى ناوه‌ندى به ره‌فتارى توندوتیژ به‌رامبه‌ر جودابیران رۆژ به رۆژ که‌لێنى نێوان خۆى و لایه‌نى ئۆپۆزیسیۆنى گه‌وره‌تر و فره‌وانتر کرد. له راستىدا ئه‌و لایه‌نه به ئاشکرا هه‌وڵى داوه له‌تکردنێک که له دواى کۆنگره‌ى سێزده‌وه به کرده‌وه به‌سه‌ر حیزبى دێموکراتىدا سه‌پاندوه، ره‌سمییه‌ت پێ بدا و ستراتیژیى له‌مێژینه‌ى خۆى سه‌باره‌ت به پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ى هه‌نگاوى "وه‌سه‌ریه‌ک که‌وتنه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ى گه‌وره‌ى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران" له دواى کۆنگره‌ى ده‌یه‌م، پیاده بکا.
ئێستا ناچارین به‌وپه‌ڕى داخ و که‌سه‌ره‌وه هه‌موو لایه‌ک ئاگادار بکه‌ین که هه‌وڵ و تێکۆشانى ئێمه بۆ پاراستن یان باشتر بڵێین بۆ گێڕانه‌وه‌ى یه‌کپارچه‌یى بۆ ریزه‌کانى تێکۆشه‌رانى دێموکرات گه‌یشتۆته بنبه‌ست و ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌مانتوانیوه یه‌کڕیزی به‌سه‌ر لایه‌نى به‌رامبه‌ردا بسه‌پێنین، ئه‌وان توانیویانه له‌تبوونى حیزب، حیزبێک که به فرمێسکى چا وو خوێنى دلڕ و شه‌و و شه‌ونخوونیى هه‌زاران تێکۆشه‌رى شه‌هید و بریندار و که‌م ئه‌ندام گه‌یشتۆته ئه‌مڕۆ، به‌سه‌ر ئێمه‌دا بسه‌پێنن. له‌و پێوه‌ندىیه‌دا حه‌ز ده‌که‌ین چه‌ند مه‌سه‌له‌ى گرنگ و به‌په‌له رابگه‌یه‌نین:
ـ هه‌ڵوێسته سیاسىیه‌کان و بنه‌ما ته‌شکیلاتىیه‌کانى ئێمه که دیاره ریشه‌یان له سیاسه‌ت و هه‌ڵوێست و بنه‌ما فکرى و ته‌شکیلاتىیه‌کانى حیزب دایه و له‌گه‌ڵ پێداویستىیه‌کانى هه‌لومه‌رجى تازه‌ى خه‌بات و ئاڵوگۆڕه‌کانى ئه‌م سه‌رده‌مه موتوربه ده‌کرێن، له ده‌رفه‌تێکى دیکه‌دا به ئاگاداریى تێکۆشه‌رانى حیزب و بیروڕاى گشتى ده‌گه‌یه‌ندرێن. مه‌به‌ست له ده‌رکردنى ئه‌م به‌یاننامه‌یه زۆرتر ئه‌وه‌یه که رابگه‌یه‌نین له‌مڕۆ به‌دواوه ئێمه تێکۆشانى سیاسى و ته‌شکیلاتیمان به جیا له قۆڵى زۆرایه‌تیى کومیته‌ى ناوه‌ندى درێژه پێ ده‌ده‌ین و له‌و رێگایه‌شدا به پشتیوانیى سه‌دان که‌س له باشترین و به ئه‌زموونترین کادر و پێشمه‌رگه‌کان و هه‌زاران که‌س له ئه‌ندامه دڵسۆزه‌کانى حیزب له کوردستان و ده‌ره‌وه‌ى کوردستان پشت ئه‌ستوورین.
ـ مل راکێشانمان بۆ له‌تبوونى حیزب ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه که چیدیکه توانا و لێوه‌شاوه‌یى تێکۆشه‌رانى حیزب به فیڕۆ نه‌چێ و سه‌رفى گیروگرفتى نێوخۆیى نه‌کرێ، به‌ڵکوو هه‌وڵه‌کان روویان پێ بکرێته وه‌دیهێنانى ئامانجه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان و به‌ربه‌ره‌کانى دژى دوژمنانى ماف و ئازادىیه‌کانى گه‌لى کورد، نه‌ک قۆڵ و لایه‌نه‌کانى نێوحیزب. بۆیه به‌ره‌سمى راده‌گه‌یه‌نین که کارى ئێمه دژایه‌تى و به‌ربه‌ره‌کانیى سیاسى و ته‌بلیغاتى و .... دژى هاوسه‌نگه‌ره‌کانى پێشوومان نیه و له هیچ مه‌یدانێکدا ده‌ستپێشخه‌ر نابین. ئاواتمان ئه‌وه‌یه لایه‌نى به‌رامبه‌ریش هه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته بگرێته‌به‌ر و رێگا نه‌دا دوژمنانى بزووتنه‌وه‌ى کورد پێمان خۆش بن و دۆستانمان نا ئومێدى دایان بگرێ.
ـ ئاشکرایه که رێبه‌رایه‌تیى حیزبى دیموکرات و به‌شێکى زۆر له کادر و پێشمه‌رگه‌کانى و به سه‌دان بنه‌ماڵه‌ى تێکۆشه‌رانى حیزب، له کوردستانى عێراق و له ژێر سێبه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا ده‌ژین، که له هه‌موو که‌مپه‌کاندا بنه‌ماڵه‌کان تێکه‌ڵ و دراوسێى یه‌کترن. ئه‌م وه‌زعه تا پێش کۆنگره‌ى سێزده زۆر سروشتى و له دواى کۆنگره‌ش تا ئێستا به‌هه‌رحاڵ "قابل تحمل" بووه. به‌ڵام ئێستا ئیدى هه‌موو شتێک پێویستیى به لێک جیاکردنه‌وه هه‌یه. له‌و پێوه‌ندىیه‌دا ئێمه له لایه‌نى به‌رامبه‌ر داوا ده‌که‌ین هاوکارى بکا تا به شێوه‌یه‌کى شارستانیانه و بێ کێشه و ناخۆشى لێک جیابینه‌وه و دوژمنان به خۆمان خۆش نه‌که‌ین.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌ى ئاره‌زووى ئێمه ئه‌وان مل به‌و کاره نه‌ده‌ن، سروشتىیه که به‌رپرسایه‌تیى ئه‌و کاره ده‌که‌وێته سه‌ر شانى کاربه‌ده‌ستانى هه‌رێمى کوردستان. هیوادارین هه‌م سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان، هه‌م حکوومه‌تى هه‌رێم و هه‌م دوو حیزبى دۆست و برامان پارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کیه‌تیى نیشتمانیى کوردستان به‌رپرسایه‌تیى نه‌ته‌وه‌یى و ئه‌خلاقیى خۆیان له‌و پێوه‌ندىیه‌دا به‌جێ بێنن و هه‌موو ئاواتمان ئه‌وه‌یه له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ى کوردستان و ئێران و رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاستدا که چاوه‌دێره سیاسىیه‌کان ئاڵوگۆڕى قووڵى سیاسى له ئێران و ناوچه‌که‌دا پێش بینى ده‌که‌ن هه‌موو لا جۆرێک ره‌فتار بکه‌ن که زه‌بر له یه‌کیه‌تیى ریزه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان نه‌درێ و ئه‌گه‌ر نه‌مان توانیوه له نێو حیزبى دێموکراتێکى یه‌کپارچه‌دا هه‌وڵه‌کانمان وه‌سه‌ریه‌ک بخه‌ین، رێگاى ئه‌وه که له چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانىیه‌کى کوردستانىدا پێکه‌وه کار بکه‌ین به‌ربه‌ست نه‌کرێ.
سڵاو له گیانى پاکى شه‌هیدانى حیزب و گه‌ل و له ریزى پێشه‌وه‌یاندا قازى ، قاسملوو، شه‌ره‌فکه‌ندى
سڵاو له حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران
سه‌رکه‌وتن بۆ بزووتنه‌وه‌ى میللى ـ دیموکراتیکى گه‌لى کورد
کۆمه‌ڵێک له ئه‌ندامانى ده‌فته‌رى سیاسى و کومیته‌ى ناوه‌ندى و جێگران و موشاویرانى
کومیته‌ى ناوه‌ندیى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران
15.9.1385 ی هه‌تاوی
6.12.2006 ی زایینی
No comments:
Post a Comment