راگه‌یاندنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه سه‌باره‌ت به جیابوونه‌وه‌ی "كه‌مینه"
سه‌ره‌نجام به‌دوای نزیك به دوو ساڵ گێره‌وكێشه نانه‌وه و خوڵقاندنی دووبهرهكایهتیی بێبنه‌ما، ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامان كه ناوی كه‌مینه‌یان بۆخۆیان دانابوو، به‌ره‌سمی جیابوونه‌وه‌ی خۆیان راگه‌یاند و كۆمه‌ڵه‌یان به‌جێ هێشت.
له‌راستیدا، زۆر پێش ئه‌وه‌ی كه به‌ره‌سمی و له راگه‌یاندنێكی ئاشكرادا جیایی رێكخراوه‌یی خۆیان رابگه‌یه‌نن، ره‌فتاری ئه‌وان له‌نێو كۆمه‌ڵه‌دا به‌كرده‌وه زه‌مینه‌ی بۆ رۆژێكی ئاوا خۆش ده‌كرد. پتر له دوو ساڵ بوو كه، سه‌ره‌تا به‌په‌نامه‌كی و به‌پێچ و په‌نا و دواتر به‌پانه‌وه و له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی ئینتێرنێت، فه‌زایه‌كیان ده‌خوڵقاند كه دره‌نگ یا زوو رۆژێكی ئاوای لێده‌كه‌وته‌وه. هه‌وڵ دان بۆ هه‌ڵخراندنی ناكۆكی و گه‌وره كردنه‌وه‌ی نامه‌سئوولانه‌ی ئه‌و ناكۆكییانه، قسه هێنان و قسه بردن و خه‌ڵك به‌گژ یه‌كدا دان، خستنه رێی ته‌بلیغاتی ناهاوڕێیانه و نامه‌سئوولانه به‌دژی كه‌سایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵه و به‌كار هێنانی زمانی ره‌ق و نه‌یارانه و سووك كه هیچی تێدا ناهێڵیته‌وه، باوه‌شێن كردنی هه‌ست و بیری دواكه‌وتووانه و ناته‌با له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی پێشكه‌وتنخوازانه‌ی كۆمه‌ڵه به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی هێز، هه‌وڵ دانی نایاسایی و به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو پره‌نسیپێكی حیزبی و به‌پێچه‌وانه‌ی پێره‌وی نێوخۆی كۆمه‌ڵه بۆ دروست كردنی ده‌سته و دایه‌ره و حیزب له‌ناو حیزب به‌شێوه‌یه‌كی پیلانگێڕانه، له‌م دواییه‌شدا ده‌ست بردن بۆ كاری تێكده‌رانه و خراپكارانه له‌وانه به‌تاڵان بردن و داخستنی ستودیۆی رۆژهه‌ڵات، هه‌وڵ دان بۆ خستنه‌رێی شه‌ڕ و ئاژاوه له‌نێو ئۆردووگاكانی پێشمه‌رگه‌ری كۆمه‌ڵه به‌بێ چكۆله‌ترین هه‌ست به بهرپرسایهتییهك و زۆر شتی دی له‌و بابه‌ته، ئه‌مانه خۆیان ده‌توانن قه‌ره‌بووی نه‌بوونی خه‌ت و به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی بكه‌نه‌وه و پێناسه‌یه‌ك له كه‌مینه به‌هه‌مووان نیشان دهن.
هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌بێ ئه‌وه‌ی توانیبێتیان یه‌ك پاراگراف جیازازیی سیاسیی خۆیان له خه‌ت و رێبازی ره‌سمیی كۆمه‌ڵه به‌نووسین یان له سێمیناره‌كاندا فورموله بكه‌ن و هیچ تهوزیحێك له‌سه‌ر به‌رنامه یان خه‌تی سیاسی خۆیان بده‌ن. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له راگه‌یاندنه‌كه‌یاندا باسی ده‌كه‌ن، جیاییهكهیان "له درێژه‌ی ململانێی سیاسی"دا نه‌بووه، به‌ئێستاشه‌وه هیچ ململانێیه‌كی سیاسی روون و ئاشكرا نه‌هاتۆته ئاراوه. ئه‌وه‌ی نه‌یانبوو و نه‌یانكرد باس و موناقه‌شه‌یه‌كی سیاسی و شارستانیانه بوو. ته‌نانه‌ت دۆستان و دڵسۆزانی ناوبژیوان باره‌ها لێیان پرسین: "ناكۆكی سیاسی و فیكریتان هه‌یه؟" و هه‌موو جارێك وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه نیمانه. ئێستا بۆ پاساوی ئه‌و جیابوونه‌وه بێبنه‌مایه‌ی خۆیان ده‌سته‌واژه‌ی "ململانێی سیاسی" فڕێ ده‌ده‌نه ئه‌و ناوه بۆ ئه‌وه‌ی وا له قه‌ڵه‌م بده‌ن كه شتێكی ئاوا له ئارادا بووه.
ئێمه به‌ئاشكرا رایده‌گه‌یه‌نین كه نه ناكۆكییه‌كانی دوو ساڵه‌ی رابوردوو و نه سه‌ره‌نجام جیابوونه‌وه‌ی كه‌مینه له كۆمه‌ڵه، له ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌كی باس و موناقه‌شه‌ی سیاسی و ململانێی سیاسی‌دا نه‌بووه. به به‌یانێكی تر، ره‌وتی رووداوه‌كان به‌و شێوه‌یه نه‌بووه كه ناكۆكییه‌كی سیاسی روون و دیار، ناكۆكییه‌ك له به‌رنامه و رێباز و خه‌تی سیاسیماندا، سه‌ری هه‌ڵدابێ و ئینجا گه‌وره بوونه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و ناكۆكییه سیاسییه و گه‌یشتنی به ئاستێكی دیاریكراو به‌ره به‌ره له‌نێو ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا ره‌نگی دابێته‌وه بووبێته هۆی ریزبه‌ندییه‌كی رێكخراوه‌یی و سه‌ره‌نجام لێكترازان، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر باسێكی سیاسی، مه‌به‌ستی سه‌رانی كه‌مینه بۆ خوڵقاندن و بۆ توندوتیژ كردنه‌وه‌ی به‌ئه‌نقه‌ستی دووبه‌ره‌كایه‌تی دیاری كرابوو و نه‌خشه و پیلانی بۆ دارژابوو.
مانای ئه‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه نییه كه ئه‌و جیاییه ئاكامی سیاسی لێناكه‌وێته‌وه یان تاسه‌ر هه‌ر وا ده‌مێنێته‌وه. بێگومان به‌ڕێوه‌به‌رانی كه‌مینه ناتوانن تاسه‌ر له‌سه‌ر خه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشان بمێننه‌وه و دره‌نگ یان زوو ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ تووشی قه‌یرانی پێناسه نه‌بن و ره‌واییه‌ك بده‌ن به جیابوونه‌وه‌كه‌یان ده‌بێ خه‌ت و رێباز و به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیی جیاواز بۆخۆیان ده‌ست و پا بكه‌ن، ده‌بێ لێره‌وله‌وێش بووبێ خه‌ت و نه‌زه‌ر بخوازنه‌وه و جیاوازی سیاسی داتاشن و گه‌وره‌ی كه‌نه‌وه و خۆیانی له‌پشت حه‌شار دهن. هه‌روه‌ها مانای ئه‌وه‌ش نییه كه لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه سیاسییه‌ی كه زه‌مینه‌ی بۆ ئه‌م دیارده‌یه له‌نێو كۆمه‌ڵه‌دا خۆش كرد لێی نهكۆڵدرێتهوه و ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌شی لێنه‌گیرێ و ده‌رسی لێوه‌رنه‌گیرێ.
به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌كیی كه‌مینه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، تایبه‌تمه‌ندییه‌ك كه له‌سه‌رێكه‌وه خاڵی به‌هێز و له‌لایه‌كی دیكه‌وه نوخته‌ی لاوازی ئه‌وان بوو و له‌وانه‌یه له‌داهاتوودا سه‌ریان بخوا، بریتی له‌وه بوو كه یه‌كگرتنیان نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای بیروهباوهر و به‌رنامه و خه‌تی سیاسی به‌ڵكوو له‌سه‌ر ئه‌ساسی كۆكردنه‌وه‌ی نارازییه‌كان و ورووژاندنی بهرژهونده شه‌خسییه‌كان، سه‌ری گرت و پێك هات. ئه‌وان نه‌یانده‌توانی و نه‌یانده‌ویست به‌گوێره‌ی خه‌ت و سیاسه‌تێكی جیاواز خۆیان ده‌رخه‌ن و خۆیان راگه‌یه‌نن، مه‌به‌ستی ئه‌وان ده‌كه‌وته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خانه‌یه‌وه، هه‌ربۆیه‌ش میتۆد و شێوازیشیان تایبه‌ت بوو. هه‌وڵیان ئه‌وه نه‌بوو بیرێك بڵاو بكه‌نه‌وه، لێكدانه‌وه‌یه‌كی تیۆری و سیاسی بكه‌ن، سێمینارێكی بۆ بده‌ن یان قه‌ڵه‌مێكی بۆ بخه‌نه كار و له‌سه‌ری بنووسن. ئه‌م شێوازه خزمه‌تێكی به مه‌به‌ستی ئه‌وان نه‌ده‌كرد و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه سه‌ره‌ڕای داوای چه‌نده‌ها جاره‌ی ره‌هبه‌ریی كۆمه‌ڵه خۆیان له قه‌ره‌ی ئه‌و جۆره كاره نه‌دا. ئه‌وان هاوبیریان نه‌ده‌ویست، سیایی له‌شكر كاریانی رێدهخست، هاوخهت مانایه‌كی نه‌بوو بۆیان، نارازییان كۆ ده‌كرده‌وه. ئه‌م شێوازه هه‌رچه‌ند تا ماوه‌یه‌ك وای كرد سهدایهكیان هه‌بێ و سه‌رنجێك راكێشن به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی چارهه‌ڵنه‌گر تووشی نه‌خۆشی تێكه‌ڵ پێكه‌ڵی نه‌زه‌ری و سیاسی، بێ ئینسیجامی سیاسی و هه‌روه‌ها بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی عه‌مه‌لی كردون.
ئێمه لێره‌دا له‌سه‌ر چۆنیه‌تی و ره‌وتی رووداوه‌كان و ورده‌كارییه‌كانی ناڕۆین، ئه‌م كاره تا راده‌یه‌ك له وتووێژه‌كانی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌دا باس كراوه و هه‌روه‌ها لێكدانه‌وه‌یه‌كی تهسهلتری ئه‌و دیارده‌یه‌ش پێشكه‌ش به رای گشتی ده‌كه‌ین، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده راده‌گه‌یه‌نین كه كه‌مینه هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان بۆ نێوبژیوانی له‌بار برد، هه‌موو پێشنیاره‌كانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌یان كه له رووی دڵسۆزی و هه‌ست به مهمسئوولییهت كردنه‌وه بوو ره‌ت كرده‌وه، سه‌ره‌ڕای چه‌ندین جار به‌ڵێن و ده‌نگ پێدان، كۆنگره‌ی دوازده‌یان بایكۆت كرد و دوای ئه‌وه‌ش پێشنیاری په‌سند كراوی ئه‌و كۆنگرهشیان بۆ به‌شداری له ره‌هبه‌ریی كۆمه‌ڵه یان بۆ كار كردن وه‌كوو ئۆپۆزیسیۆنێكی یاسایی و رێگه‌پێدراو ره‌ت كرده‌وه و رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژیش ئاستی دژایه‌تی و خراپه‌كاریان برده سه‌ر و نه ده‌ست و نه زمانیان له هیچ نه‌پاراست.
ئێمه كرداری تا ئێستای كه‌مینه و هه‌روه‌ها جیابوونه‌وه‌كه‌یان مه‌حكووم ده‌كه‌ین و رایده‌گه‌یه‌نین كه ئه‌و سیاسه‌ت و ره‌فتاره هیچ پاساوێكی بۆ نییه، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هیچ پێویستییه‌كی سیاسی نییه و په‌یوه‌ندیشی به هیچ چاكسازی و گه‌شه كردنێكه‌وه نییه، به‌ڵكوو هه‌روه‌كوو تا ئێستاش نیشانی داوه جگه له زه‌ره‌ر گه‌یاندن به كۆمه‌ڵه و به بزووتنه‌وه‌ی ره‌وای گه‌لی كورد و به بزووتنه‌وه‌ی دێمۆكراسیخوازی و دادپه‌روه‌ری و پێشكه‌وتنخوازی هیچ ئاكامێكی دیكه‌ی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه و لێشیناكهوێتهوه. بێگومان كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانیش له سیاسه‌ت و كرداری تێكده‌رانه و نامه‌سئوولانه‌ی بێزار بوون و جێگه‌یه‌كیان له‌نێو دڵ و له‌نێو خه‌باتی خۆیان بۆ ناكه‌نه‌وه.
له كۆتاییشدا رایده‌گه‌یه‌نین كه سه‌ره‌ڕای ئه‌و زیانانه‌ی كه ئاژاوه‌كانی كه‌مینه بۆ كۆمه‌ڵه‌ی خوڵقاند، به‌ڵام كۆمه‌ڵه به‌دوای كۆنگره‌ی دوازهدهههم و به ئیراده‌یه‌كی پته‌وتر له هه‌میشه و به‌هیوا و وره‌ی به‌رزه‌وه بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌ركه سیاسییه گه‌وره‌كانی ئاماده و ته‌یاره و داواش له هه‌موو ئه‌ندامان و هه‌ڵسووراوان و لایه‌نگرانی ده‌كا به‌وپه‌ڕی دڵنیایی و بڕوا به‌خۆوه له‌سه‌ر سیاسه‌ت و رێبازی كۆمه‌ڵه سوور و په‌یگیر بن. ده‌بێ جارێكی دی و به‌خێرایی هه‌موو تێكۆشانهكانمان بكه‌وێته‌وه سه‌ر ئاراسته‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی كه خه‌باته به‌دژی رژیمی كۆنه‌په‌رستی كۆماری ئیسلامی و له‌پێناو به‌هێز كردن و به‌سه‌ركه‌وتن گه‌یاندنی بزووتنه‌وی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه.
كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران
11ی رهزهبهری 1386ی هه‌تاوی، 3ی ئۆكتۆبری 2007ی زایینی